هفته نامه سیروان
1.43K subscribers
2.26K photos
395 videos
268 files
478 links
سیروان نشریه #فارسی و #کوردی مناطق‌کردنشین ایران با٢٧ سال سابقه انتشار.
نشانی: سنندج،بلوار کردستان،جنب پل مردوخ،ساختمان سازمان همیاری
تلفکس :33177330_087
ارسال مطلب
@feizollahpiri
[email protected] : ایمیل
Download Telegram
دانانی پەیکەری #نالی لە زانکۆی کوردستان‌دا

له ئینستاگرامی د. #به‌ختیار_سه‌جادی به‌رپرسی کورسی زمان و ئه‌ده‌بیاتی کوردی له لە زانکۆی کوردستان‌ (سنه)

📌بە لای منەوە ئەوەندەی کردنەوەی بەشی کوردی گرنگ بوو. پێشکەش‌کردنی پێشنیارەکە و پەسەندکردنی بیرۆکەکە بە چەندین قۆناغدا تێپەڕی و گەرچی لە سەرەتاوە تووشی کاردانەوەی سەیری هەندێ ئەندامی لێژنەکە دەبوومەوە، بەڵام بەختەوەرانە لە ئاکامدا جێبەجێ‌کرا. نامەوێ باسی ئەو پەرچەکردارانەتان بۆ بکەم چونکە واقتان وڕدەمێنێ و ئەمەیانم داناوە بۆ یاداشتە ڕۆژانەییەکانم.

📌 لێرەوە پڕ بە دڵ سپاس و پێزانینم هەیە بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی بە هەر لەونێک دەوریان گێڕا لەم پرسەدا، بە تایبەت هەر دوو سەرۆکی پێشوو و ئێستای زانکۆ و هەروەهاش هەر دوو سەرۆکی پێشوو و ئێستای توێژینگەی کوردستان‌ناسی.

📌 ئاخۆ بڵێی بەشێکی بچووکی ئەو چێژەی لە خوێندنەوەی شیعری نالی وەرمگرتووە کاکە داهێن و منداڵانی ئەم سەردەمەش بیچێشن؟ گەلۆ گەر ئەوانیش وەک من ڕێیان کەوتە ئەستەمبۆل سەردانی مەزارگەی قەرەج ئەحمەد دەکەن؟ داخۆ ڕۆژێک دێت بە تێڕامانەوە بیر لە فەلسەفەی دانانی ئەو پەیکەرە بکەنەوە؟

📌 گەرچی بەر لە نالی کەسانێک بە کوردیی ناوەڕاست نووسیویانە (وەک ئێبنولحاج و ...)، بەڵام داهێنی زمانی پێوەری ئێستامان لە نڤیساردا و "خۆکرد"ی ئەو زمانه لە نووسیندا بە شێوەیەکی بەرفراوان نالی بوو.
گەرچی مەزاری داهێنی زمانی پێوەرمان نادیارە، بەڵام هیوادارم ناسنامەکەی لە #سنە تاوتوێ‌بکرێ. گەرچی لە قەرەج ئەحمەد ونە، بەڵام لە زانکۆی کوردستان ئامادەیە. تۆ بڵێی چ پێوەندییەک هەبێ لە نێوان بزربوونی مەزاری داهێنی زمانی پێوەر لەگەڵ قەیرانی ناسنامەی سووژەکانی ئەو زمانەدا؟

📌پ. و. من لە نێو زاراوەگەلی زمانی ئەدەبی، زمانی نەتەوەیی، زمانی یەکگرتوو و چەمکەکانی تری لەم چەشنە، بۆ ئەم مەبەستەی بەرباس کەڵک لە "زمانی پێوەر" وەردەگرم.

#سیروان_رسانه_مناطق_کردنشین

@sirwan_weekly
🔹 خەڵاتی قەڵەمی هەژار

✍🏻 #به‌ختیار_سه‌جادی *

لە زانکۆی کوردستان لە سنە لە ساڵی ٢٠٠٠ بەم لاوە کۆمەڵێ هەنگاوی گەورە و بنەڕەتی بۆ پەرەپێدانی زمان و ئەدەبی کوردی هەڵگیراون کە لە سەرتاسەری ئێراندا نەک هەر یەکەمین و تاقە هەوڵن لەو بوارەدا بەڵکوو ئەستەمیشە تا ساڵانی تر هەنگاوی دیکەی لەو ئاستە و بەو چەشنە هەڵبگیردرێ. هەندێکیان بریتین لە:

- دانانی ناوەندی توێژینەوەی کوردستانناسی لە ساڵی ٢٠٠٠دا
- داڕشتنی بەرنامەی خوێندنی زمان و ئەدەبی کوردی لە چوارچێوەی ١٤٠ یەکەدا بۆ قۆناغی بەکالۆریۆس لە ٢٠٠٢دا و پەسەندکرانی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ٢٠٠٣دا
- پەسەندکرانی وەرگرتنی خوێندکار بۆ بەشی کوردی لە نامیلکەی کونکووری ساڵی ٢٠٠٤ (کە بەری پێ گیرا و خوێندکار وەرنەگیردرا)
- کردنەوەی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی و وەرگرتنی خوێندکار لە ٢٠١۵دا
- بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی ناوەندی توێژینەوەی کوردستانناسی بۆ توێژینگە لە ٢٠١٦دا
- دەرکردنی یەکەمین ژورناڵی زمان و ئەدەبی کوردی لە ئێران لە ٢٠١۵دا
- دانانی ئەنجومەنی زانستیی خوێندکاری بۆ زمان و ئەدەبی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی گۆڤارەکەی ئەنجومەن لە ٢٠١٦دا
- دانانی زمان و ئەدەبی کوردی وەک وانەی بژاردە لە چوارچێوەی ٢ یەکەدا بۆ خوێندکارانی هەموو بەشەکانی زانکۆ لە ٢٠١٧دا
- نووسینی بەرنامەی خوێندنی زمان و ئەدەبی کوردی لە چوارچێوەی ٣٢ یەکەدا بۆ قۆناغی ماستێر و پەسەندکرانی لە وەزارت لە ٢٠١٨دا
- پەسەندکرانی پژوهشنامه ادبیات کردی وەک یەکەمین و تاقە ژورناڵی زمان و ئەدەبی کوردیی دانپێدانراوی وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران لە ۲۰۱۹دا
- بەدەستهێنانی هاوکۆلکەی کاریگەری لە ناوەندی ئای‌ئێس‌سی وەک تاقە ژورناڵی کوردیی هەڵگری ئەم تایبەتمەندییە لە ٢٠٢١دا

وێڕای ئەو خاڵانەی سەرەوە، ژمارەیەکی زۆری چالاکیی پتەو و پێوەندیدار بە زمان و ئەدەبی کوردییەوە لە زانکۆی کوردستان لە سنە ئەنجام‌دراون و گەلێک هەنگاوی کردەیی بۆ ئەم مەبەستە نراون، لەوانە بەڕێوەبردنی دەیان سمینار و کارگەی زانستی، چەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی و سەمپۆزیۆم و فێستیڤاڵ، بڵاوکردنەوەی دەیان کتێب و نووسینی سەرچاوە بە کوردی بۆ وانەکانی بەشی کوردی.

خەڵاتی قەڵەمی هەژار، کە لە لایەن توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستانەوە بەڕێوەدەچێت، سەرەتا لە ٢٠١٧دا ناسێندرا. ئێستا جێگای خۆشحاڵییە کە توێژینگەی کوردستانناسی شێلگیرانە هەوڵی داوە ئەم خەڵاتە بە باشترین شێوە بخاتەوە گەڕ. هیوادارم ئەم خەڵاتە بتوانێ دەوری باش بگێڕێت لە گەشەپێدانی پێگە و گوتاری زمان و ئەدەبی کوردی و بردنەسەری ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی لەم ڕووەوە بە مەبەستی مسۆگەرتربوونی ناسنامەی کوردی.

ڕێوڕەسمەکە بە شێوەیەکی شیاو و ئاست‌بەرز بەڕێوەچوو و بوو بە مایەی دڵخۆشیی ئەویندارانی زمان و وێژەی کوردی. پەردەلادان لە کۆبەرهەمی مامۆستا هەژار، کە بڵاوکردنەوەی لە لایەن بەڕێز ماجد مەردۆخ رۆحانی-یەوە سەرپەرشتی کراوە و ئێستا بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە بەردەستە، بیرۆکەیەکی جوان و کارێکی بایەخدار بوو کە ڕێوڕەسمەکەی دەوڵەمەندتر کرد.

من ئەندامی لێژنەی دانانی ئەساسنامە و نووسینەوەی پەیڕەوی خەڵاتەکە بووم لە سەردەمی کۆرۆنا. لێژنەکە سەرکەوتووانە ئەرکەکەی جێبەجێ کرد و پەیڕەوەکەی پێشکەش کرد. بەڵام بۆ ئەم خولەی ئێستا و لەبەر سەرقاڵی وازم لە ئەندامێتی لە لێژنەکە هێنا. وەک بەڵێنم داوە، پاڵپشتی لەم خەڵاتە دەکەم و پشتیوانی لەم هەنگاوە بەنرخەی توێژینگەی کوردستانناسی دەکەم. هەوڵ و ماندووبوونی بەرپرسانی زانکۆی کوردستان و سەرجەم بەڕێزانی توێژینگە لەم پێناوەدا جێگای دەستخۆشی و مایەی پێزانینە. هیوادارم ئەم جۆرە هەوڵانە هەردەم لە گەشەکردندا بن و ئاواتی سەرکەفتن و سەرفرازیم هەیە بۆ هەڵسووڕاوانی خەڵاتەکە.

*مامۆستای زانکۆ و خاوه‌نی دوو بڕوانامه‌ی دوکتورا له فه‌لسه‌فه‌ و ئە‌دەبی ئینگلیزی

#سیروان_میدیای_کوردی

@sirwan_weekly